کورتەیەک لە ژیانی رێبەرەکان

شێخ عەبدولسەلامی بارزانی 

 کوڕی شێخ عەبدوڵایە، بەڵگەی سەلمێنراوی تەواو دەربارەی ساڵی لە دایکبوون و کۆچی دوایی لەبەردەستدا نیە بەهۆی دۆخی نالەبار و چەندین جار تاڵانکردن و سوتاندنی بارزان و ئاوارەیی.

لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەدا :

رۆڵی کاریگەری لە بواری کۆمەڵایەتی و ئایینی و مەعریفیدا هەبووە.

بە دنیابینییەكی دادپەروەرانە و رۆحێکی پاکەوە، ناوەندی پەروەردەکردنی لە بارزان دامەزراندووە.

چەمکی ئایین و تەریقەت و کوردایەتی ئاوێتەی یەکتر کردووە.

تانوپۆی کۆمەڵایەتی و یەکڕیزی بەهێز کردووە.

پەرەی بە بیری نیشتیمانپەروەری و رزگاریخوازی داوە.



شێخ عەبدولسەلامی بارزانی – دووەم 

کوڕی شێخ محەمەدە، ساڵی ١٨٨٧ لە بارزان هاتوەتە دنیا. ساڵی ١٩١٤ لە مووسڵ لە سێدارە دراوە.

چوار برای هەبووە: شێخ ئەحمەد – شێخ محەمەد سدیق – شێخ بابۆ – مستەفا بارزانی.

پرەنسیپ و پێوەری دادپەروەری لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئاوەدانکردنەوەدا بەم هەنگاوانە جێگیر کردووە : 

١- بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی كۆمەڵایەتی و بنەمای یەکسانی و گۆڕینی سیستمی خاوەندارێتی تاک.

٢- بایەخدان بە ماف و رۆڵی ئافرەت.

٣- نەهێشتنی داب و نەریتی دواكەوتووی خێڵەکی.

٤- گۆڕینی رۆڵی مزگەوت بۆ بەڕێوەبردن و دروستکردنی ئەنجوومەنی راوێژکاری.

٥- پاراستنی ژینگە.

٦- پەیوەندی کردن بە کۆمەلەی ئیرشاد.

٧- بەرەنگاربوونەوە و راپەڕین لە دژی ستەم و زۆرداری دەسەڵاتی عوسمانی.

٨- پاڵپشتی نەتەوەیی و پیادەکردنی لە بەهاناوەچوون و یارمەتیدانی شۆڕش و راپەڕینەكانی کورد لە ناوچەکانی دیكەی کوردستان.

٩- لە سەردەمی ئەم رابەرە نەتەوەییەدا، هزری نەتەوەیی و هەماهەنگی نێوان رابەران و رێکخراوە سیاسی و نیشتیمانیەکانی کورد پەرەی سەند.

١٠- شۆڕشێکی هزری، دادپەروەری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و هۆشیاریی بەرپاکرد كە بووە بنەمای رێبازی بارزانی و  و پەیڕەوکردنی لە ناوچەكەدا.


شێخ ئەحمەد بارزانی – خودان 

کوڕی شێخ محەمەدە، ساڵی ١٨٩٣ لە بارزان هاتوەتە دنیا، ساڵی ١٩٦٩ کۆچی دوایی کردووە.

دوای شەهید بوونی شێخ عەبدولسەلامی برای، شێخ ئەحمەد رابەرایەتی بارزانی گرتوەتە ئەستۆ.

شێخ ئەحمەد لە کوردستان بە رابەرێکی رۆحی و نیشتیمانی دەناسرێ. بڕوایەکی بەهێزی بەخۆی هەبووە، لە دادپەروەری، مرۆڤ دۆستی، پاکی، کەرامەتی مرۆڤ و توانای رۆحیدا نموونەیەكی كەم وێنەیە.

خولیاو حەزی ماددی نەبوو خۆی لێ بە دوور دەگرت و هانی ژیان دۆستی و دادپەروەری و کار کردنی دەدا. جێگەی بڕواو متمانەو خۆشەویستی هەمووان بووە، بۆیە بە خودانی بارزان ناویان هێناوە.

ریفۆرمی لە بواری کۆمەڵایەتی – ئایینی – ماف و ئازادی بەتایبەتی بۆ ئافرەت دەستەبەر کردووە.

دەربارەی پاراستنی ژینگە رێنمایی تایبەتی هەیە، کە بە ئەحکامی شێخ ئەحمەد دەناسرێت.

لە تەنگانە و زیندان و ئاوارەییدا، خۆڕاگر و کۆڵنەدەر بووە. کە بۆ ماوەی یازدە ساڵ لە زیندانی ڕژێمی پاشایەتی عێراقدا بووە، بۆ ئازادکردنی لە زیندان، رژێم بە فەرمی داوای لێکرد کە داوای لێبوردن پێشکەش بە پاشای عێراق بکات، بەڵام ئەو رەتیکردەوەو پێی راگەیاندوون کە دەبێت رژێم داوای لێبوردن بکات.

بە بیر و باوەڕێكی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە بە هانای شۆڕش و سەرهەڵدانی ناوچەكانی دیكەی كوردستانەوە چووە و بەشداریی راستەوخۆی تیادا كردوون.


مستەفا بارزانی – هێما و ناسنامە 


مستەفا بارزانی کوڕی شێخ محەمەدە، ساڵی ١٩٠٣ لە بارزان هاتوەتە دنیا، ساڵی ١٩٧٩ کۆچی دوایی کردووە.

ئەو لە ژینگە و کەشی ڕۆحی و کۆمەڵایەتی و نیشتیمانپەروەری بارزان و کوردستاندا رسکاوە و پەروەردە بووە. لە ناو ئازار و ژانی مەینەتی زیندان و ئاوارەیی و ئەرکی قورسدا قاڵ بوو.

تەمەنی چوار ساڵ بوو کە لەگەڵ خێزانەکەیان، لەلایەن دەسەڵاتدارانی عوسمانییەوە لە مووسڵ زیندانی دەکرێن.

جێگەی باوەڕو متمانەی شێخ ئەحمەدی بارزانی بووە، لەبەرئەوە ئەرکی قورسی لە بەشەکانی کوردستان پێ سپاردووە.

لەو میانەدا توانا و لێهاتوویی دەرکەوتووە و وەک سەرکردەیەکی سیاسی و سەربازی رۆڵی بینیوە.

مستەفا بارزانی خاوەنی دیدگایەکی ستراتیژی بوو، بیری لە گۆڕینی واقیعی نالەباری داسەپاو دەکردەوە، یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی گەلی کوردستانی کردە ئامانج و لە ژیانی سیاسی و شۆڕشگێڕیدا توانی بەدیبهێنێت، بەوەش بووە هێما و ناسنامەی شۆڕش و کورد و کوردستان.

ساڵی ١٩٤٥ لەگەل بارزانیەکان بۆ هاوکاری و بەشداری لە کۆماری کوردستان چووەتە مەهاباد. 

ساڵی ١٩٤٦ بە پلەی ژەنەڕال کراوە بە فەرماندەی گشتی هێزەکانی کۆماری کوردستان.

دوای روخاندنی کۆمار، پێشەوا قازی محەمەد ئاڵای کۆماری کوردستانی وەک ئەمانەت رادەست کردووە.

• ساڵی ١٩٤٦ بوونی پارتێکی سیاسی خاوەن دیدگا و بەرنامەی بە پێویست زانیوە و لەو روانگەیەوە پارتی دیموکراتی کوردی دامەزراندووە کە دواتر ناوەکەی گۆڕدرا بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان.

دوای لەباربردنی کۆماری کوردستان لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ لەگەڵ ٥٠٣ پێشمەرگەدا لە ئاوی ئاراس بەرەو یەکێتی سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.

لە ١٩ی کانوونی دووەمی ١٩٤٨ لە شاری باکۆ کۆنفرانسێک بە بەشداری کوردانی باشوور، ڕۆژهەڵات و سۆڤیەت دەبەسترێ، لەوێدا هێڵە سەرەکیەکانی بەرنامەی کارو خەباتی سیاسی و سەربازی خۆی و ئامانجەكانی میللەتی کوردی رونكردوەتەوە.

ساڵی ١٩٥٣ لە مۆسکۆ لەبەردەم کۆشکی کرملین دژی رەفتاری کاربەدەستان لەگەڵ هەڤاڵەکانی مانی گرتووە و دواتر سەرۆک خرۆشۆفی بینیوە. 

هەر لە یەکێتی سۆڤیەت و بە مەبەستی خوێندنی زانستی سەربازی، چوەتە ئەکادیمیای سەربازی مۆسکۆ.

لە ساڵی ١٩٥٨ دوای ١١ ساڵ لە ئاوارەیی، گەڕاوەتەوە بۆ عێراق و کوردستان و لە لایەن جەماوەرێکی زۆری پێکهاتەکانی عێراقەوە وەك قارەمانێكی میللی پێشوازی لێکراوە و بۆ رۆژی دواتر عەبدولکەریم قاسم سەرۆکی حکومەتی عێراق دەبینێت.

ساڵی ١٩٦١ رابەرایەتی شۆڕشی ئەیلولی کرد، هاوشانی خەباتی چەكداری، باوەڕێكی پتەوی بە گفتوگۆ و چارەسەری سیاسی هەبوو و هیچ دەرفەتێكی دانوستانی رەتنەكردوەتەوە. 

لەو روانگەیەوە لە ساڵەکانی ١٩٦٤- ١٩٦٦ – ١٩٧٠ چەند گەڕێكی دانوستان و گفتوگۆی لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەنجامداوە.

ساڵی ١٩٧٠ رژێمی بەعس داوای گفتوگۆی کرد، ئاکامەکەی رێککەوتنی ١١ی ئادار بوو کە دەستکەوتێکی سیاسی گەورە بوو بۆ کوردستان.

لە ٢٩/٩/١٩٧١ رژێمی بەعس لە پیلانێکدا هەوڵی تیرۆر کردنی  بارزانی داوە، بەڵام بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بە سەلامەتی دەرچوو.

لە ٦/٣/١٩٧٥ لە پیلانێکی نێودەوڵەتیدا، رێککەوتنی جەزائیر لە نێوان عێراق و ئێران مۆرکرا. بارزانی بۆ پاراستنی گەلی کوردستان، بڕیاری هەڵپەساردنی شۆڕشی دا بە شێوەیەکی کاتی.

دوای نسکۆی ساڵی ١٩٧٥ بارزانی گرفتاری نەخۆشیەکی قورس بوو، بۆ چارەسەر چووە ئەمریکا.

لەسەر راسپاردەی بارزانی، لە نیسانی ١٩٧٥ سەرکردایەتی کاتی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەسەرکردایەتی ئیدریس و مسعود بارزانی پێکهێنرا.

لە ٢٦/٥/١٩٧٦ شۆڕشی گوڵان وەک درێژە پێدەری شۆڕشی ئەیلول پەرەی سەند.

لە ١/٣/١٩٧٩ لە نەخۆشخانەی جۆرج تاوون لە واشنتۆن، بارزانی کۆچی دوایی کرد و لە شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەخاک سپێردرا.

لە ٦/١٠/١٩٩٣ تەرمی مەلا مستەفا و ئیدریس بارزانی بە کەژاوەیەکی شکۆدار هێنرانەوە بۆ باشووری کوردستان، دوای پێشوازییەکی سەرتاسەری لە شارۆچکەی پێنجوێنەوە تا سلێمانی و هەولێر و دهۆک لە ٨/١٠/١٩٩٣ لە بارزان بەخاک سپێردران.

ئیدریس بارزانی 

کوڕی مستەفا بارزانییە لە سالی ١٩٤٤ لە بارزان لەدایک بووە. ساڵی ١٩٨٧ لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە گەرمەی تێکۆشان و سەرکردایەتیکردندا کۆچی دوایی کرد.

سەرکردەیەکی کارامە و لێهاتووی بوێر و مرۆڤ دۆست بووە. یەکێک بوو لە پایەکانی خەباتی سیاسی و دیبلۆماسی و شۆڕشگێڕی.

ساڵی ١٩٧٠ رۆڵی کاریگەرو لەبەرچاوی هەبوو لە گەیشتن بە رێککەوتننامەی ١١ی ئادار.

لە هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، پەیوەندی بە لایەنگران و رێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و کەسانی نیشتیمان پەروەرەوە کردوە.

لە نیسانی ١٩٧٥ لەگەڵ مسعود بارزانی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و شۆڕشی گوڵانیان کرد.

لە ساڵی ١٩٨٦ بەسەرپەرشتی ئیدریس بارزانی کە بە ئەندازیاری ئاشتبوونەوەی گشتی دەناسرێت، بەرەی کوردستانی پێکهێنرا.


مسعود بارزانی